Spread the love

دانیاڵ پێغەمبەر دەفەرمێ: جلکی سپی لەخەودا، پیاوە و لێکدەرەوانی خەو دەڵێن: جلک لەخەودا ژنە و واتای گوزەران و کارەکەیەتی لە بەدەستهێنانی بژێوی ژیاندا.

ئەگەر دیتی جلی تازە و فراوانی پۆشیبوو، واتای کار و گوزەرانی چاکە.

ئەگەر بینی پارچەیەک لە جلەکەی دڕاوە، لێکدانەوەکە لە نێوان چاکە و خراپەدایە.

ئەگەر بینی جلەکەی کۆن و چڵکنە، واتە هەژاری و نەداری و بێچارەیی و خەم و مەینەتی دەگاتێ و هەرچەندە جلەکانی بە کۆنتر و چڵکنتر ببینێت، ئەوا بەڵا و مەترسی زیاترە، بەجۆرێک کە خاوەنی خەوەکە، گیان لەدەست دەدات.

ئەگەر کەسێک لەخەویدا دیتی فەرمانڕەوای وڵات جلەکانی خۆی پێدا و ئەویش لەبەری کرد، واتە فەرمانڕەوایەتییەکەی لێدەستێنێت.

ئیبراهیمی کرمانی دەڵی: ئەگەر یەکێ دیتی جلکی نوێیی لەبەر کردووە، ئەوا بە ڕواڵەت باشە و لەناخەوە خراپ.

ئەگەر بینی جل و شەرواڵەکەی هەموو پیس و کۆنە، ئەوا ئەگەر بینەری خەوەکە دەوڵەمەند بوو، هەژار و کەم دەست دەبێت و تووشی خەم و مەینەتی دەبێت.

جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر بینی جلکی نوێ و بەرینی پۆشیبوو، واتە بژێوی ژیانی فراوان دەبێت.

ئەگەر بینی جلەکەی دڕاوە، ئەوا نهێنییەکەی ئاشکرا دەبێت.

ئەگەر بینی جلی بێ گیرفان و بێ قوڵ و یەک تەقەڵی پۆشیبوو، واتە کاتی مردنی نزیک بووەتەوە.

ئەگەر دیتی جلکی درێژی هەبوو، واتە کارەکەی خراپ دەبێت و ئاواتەکەشی بەدیار دەکەوێ.

ئەگەر بینی باخەڵی جلەکەی لە بنەڕەتەوە دڕاوە، واتە تۆمەتی درۆی دەخەنە پاڵ.

ئەگەر بینی جلکی خۆیدا بە کەسێک و ئەو کەسەش جلەکەی دایەوە بەسەریدا، واتە بێخەم دەبێت و مۆژدەیەکی پێدەگات.

ئەگەر بینی جلی خوێناوی بەدەستەوە بوو، واتە هەمیشە خەمگین دەبێت.

ئەگەر بینی جلی دڕاوی پۆشیوە، واتە کارەکەی دەشێوێت و پەرت و بڵاو دەبێ و ڕاز و نهێنییەکەی ئاشکرا دەبێت.

ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بینینی پۆشاک لەخەودا کە تازە و فراوان بێ، شەش واتای هەیە.

یەکەم: بینینی خەڵک. دووەم: پۆشین (داپۆشین). سێیەم: خوشگوزەرانی. چوارەم: سەرۆکایەتی. پێنجەم: ئاسوودەیی و دڵخۆشی. شەشەم: مزگێنی.

چ کاردانەوەیەکت هەیە، بەرانبەر، ئەم پۆستە؟👇

Loading spinner

By F.T.G