Spread the love

ئیبن سیرین دەڵێ: ئەگەر کەسێک بینی کەوتە نێو دۆزەخەوە و نەهاتە دەرەوە، نیشانەی ئەوەیە کە خراپەکار و گوناهکارە و پێویستە تەوبە بکات و بگەڕێتەوە بۆ لای خوای گەورە، چونکە کاتی مەرگی نزیک بووەتەوە. ئەگەر تەوبە نەکات، مەترسی ئەوە هەیە کە بە کافری و بێ بڕوایی بمرێت.

ئەگەر بینی لەناو دۆزەخدا هیچ ئێش و ئازاری پێنەگەیشت، واتە لە دونیادا تووشی ئازار و مەینەتی دەبێت و دواجار بە سەلامەتی لێی دەرباز دەبێت.

ئەگەر بینی چووە نێو دۆزەخەوە و نەیزانی چ کاتێک چووەتە ناوی، واتە هەمیشە لە دونیادا نائۆمید و دەست کورتی گوزەران دەبێت.

ئەگەر بینی لە دۆزەخدا خۆراکی دەخوارد و دەیخواردەوە و لە ناو ئاگریشدا دەسووتا، واتە لە دونیادا کاری خراپە دەکات و لە قیامەت-دوواڕۆژیشدا سزاکەی وەردەگرێت.

ئەگەر بینی فریشتەی ئاسمان، پرچی نێوچاوانی گرت و بردی بۆ دۆزەخ، واتە بە تاوان و گوناهەوە دەمرێت.

ئەگەر بینی شتێکی لە خوارکی دۆزەخ دەخوارد، وەکوو کێم و زوخاو، واتە بە زانستی خراپ و بەتاڵەوە سەرقاڵ دەبێت، کە ئەو زانستە ئۆباڵی ئەو دەگرێت، یانیش بەناحەق خوێن دەڕێژێت.

ئەگەر بینی شمشێری هەڵکێشا و چوو بۆ دۆزەخ، واتە قسەی نەشیاو و ناشیرین دەبێژێت.

ئەگەر دیتی ئاگری دۆزەخی دەخوارد، واتە ماڵ و موڵکی هەتیوان و بێنەوایان دەخوات.

ئەگەر بینی لە نزیک دۆزەخەوە ئاگری دەکردەوە، واتە لەلایەن پاشایەکەوە کارێکی سەخت و دژواری بۆ دێتە پێش.

جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر دیتی بە ڕاکێش ڕاکێش ئەویان بۆ دۆزەخ برد، واتە دوواڕۆژی ئەو کەسە، کافری و بێ بڕواییە.

ئەگەر بینی گوێی لە دەنگی بڵێسەی ئاگری دۆزەخە، واتە هەیبەت و سیاسەتی پاشای پێدەگات و بۆ ئەو دەمێنێتەوە.

ئەگەر بینی لە نزیکی دۆزەخدایە، واتە دونیا بۆ ئەو، دژوار و سەخت دەبێت.

ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بینینی دۆزەخ لەخەودا، شەش واتای هەیە:

یەکەم: تووڕەیی خوای گەورە بەسەر ئەو کەسەدا. دووەم: تووشبوون بە گوناه و تاوان. سێیەم: زوڵمی سوڵتان و فەرمانڕەوای زۆردار. چوارەم: ئازار و بەڵا. پێنجەم: نائۆمێدی. شەشەم: خواردنی ماڵی هەتیوان و ڕشوە خواردن.

چ کاردانەوەیەکت هەیە، بەرانبەر، ئەم پۆستە؟👇

Loading spinner

By F.T.G