جوگرافیا و هۆیەکانی و ڕوونکردنەوەی زانیاریەکان
لەم ساڵانەی دوایییەدا مەیدانەکانی لێکۆڵینەوە و بواری پێشکەوتن و پەرەسەندنی زانیاری جوگرافیا پێشکەوتن، بۆچوونی تازەی ئەوتۆش هاتە کایەوە کە لە پەیوەندییە جێگاکردەکان بە شێوەیەکی قووڵتر دەکۆڵێتەوە وەک لە پێشوو. مەودای تازەتریش پەیدابوو کە نۆڕینێکی پڕ سەرەنجی بەرفراوانی پێوە دیارە و نۆڕینە تایبەتکارەکەش هەر هەیە.
بیرکردنەوە تازە بابەتی جوگرافیای ئێستا وەکوو جاری جاران نییە کە هەر بە وشکی لە هەرێم و جێگایەک بکۆڵێتەوە، بگرە بایەخی بە لێکۆڵینەوەی داینەمیکی دیاردە جوگرافییەکانی هەر جێگایەک داوە کە سرووشتیان لە تازە بوونەوە و گۆڕاندایە.
ئێستا جوگرافیای تازە هەر ئەوە نییە کە تەنیا باسی ڕووی زەوی و دیاردەی جۆربەجۆری سرووشتی و مرۆیی ڕووی زەوی بکات، بگرە بایەخ دەدات بە لێکۆڵینەوەی هەموو وێکچوون و وێکنەچوونێکیش کە لە سەر ڕووی زەویندا هەیە و ئەو هۆیانەش پیشان دەدات کە ئەوەیان هێناوەتە دی.
هەندێک لەو هۆیانەش پەیوەندیان بە دیاردەی سرووشتییەوە هەیە، وەکوو: بەرزی و نزمی ڕووی زەوی ئاو و هەوا و ڕووەکی خۆڕسک و گیانلەبەران” هەندێکیشین دیاردەی مرۆیین، کە بریتین لە چالاکیی ئابووری مرۆڤ و جێگاکانی ئەو چالاکیە و پلەیگەشەکردن و پێشکەوتنیان.
جوگرافیا لە هەموو ئەو دیاردانە دەکۆڵێتەوە چ سرووشتی بن چ مرۆڤکرد، کە جاری وا هەیە بە هاوکاری دیاردەیەک ئەنجامدەدەن و جاری واش هەیە کار لەیەکتری دەکەن. جوگرافیای تازە بە لێکدانەوەیەکی زانیاریانە لە هەموو ئەو دیاردانە دەکۆڵێتەوە. جوگرافیناس، کە لە ناوچەیەکی چیای دەکۆڵێتەوە، زۆرتر “خولیایی” ئەوەیە بزانێت چیاکان چ کارێک لە ئاووهەوا دەکەن و چ کارێک لە ڕووەک و لەوەڕی ئاژەڵ و کانزاکردن و پەیداکردنی وزەی کارەبا و رێگاوبانی هاتۆچوو دەکەن.
بۆ ئەوە دەگەڕێت بزانێت ئەو چیایانە چۆن سنوورێک بۆ یەکە (وحدە)یەکی سیاسی دەڕەخسێنن و جۆر و ڕێگەی ژیانی ئەو ناوچەیە چۆنە و جیاوازیان لە ژیانی دانیشتووانی پادەشتەکان چیە و ئەو چیایانە چ کارێکیان کردووەتە سەر چالاکی و جوولان و کۆچکردنی گەلان و دەستنیشانکردن و دابەشکردنی ڕەگەزەکان و جۆراوجۆریی زمان و شێوەکانی زمان(دیالێکتەکان).
ئەم جۆرە لێکۆڵینەوە زانایانەیە کە شێکار لە هۆکارەوە دەدۆزێتەوە و ئەنجامەکانیشی لە بنەماکانییەوە دەزانێت، تەنیا لە زانیاریی جوگرافیادا هەیە” کە هەموو دیاردە سروشتیەکانی ڕووی زەوی لە یەک جێگەدا کۆدەکاتەوە و کارلێک کردنی نێوان ئەوان و نێوان ژیانی مرۆڤ دەستنیشان دەکات.
لەوەشەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە جوگرافیا زانیارییەکی فراوانی پەیوەندی و بەرنامەیەکی زانستیانەی سەربەخۆی هەیە و لە گەڵ زۆربەی زانیارییەکانی تردا پەیوەستە و لەوانەشە لە ڕووی ئەوەی کە بە دووی هۆیەکاندا دەگەڕێت و بەوەش قایل نییە” کە تەنیا دیاردە ڕاستەقینەکان بسەلمێنێت و بیڵێتەوە، لەگەڵ زانیارییەکانی تردا هاوشان بێت.
جا بۆ ئەوەی جوگرافیا شێوەیەکی ڕوونی ئەو(ژینگە)یە بە فراوانی بکێشێت کە مرۆڤی تێدا دەژی” پرسیارێکی زۆر لەمەڕ دیاردەی جۆراوجۆری سرووشتی و مرۆڤکردەوە دەپرسێت و هەوڵی ئەوەش دەدات وڵامەکان بدۆزێتەوە.
چ کاردانەوەیەکت هەیە، بەرانبەر، ئەم پۆستە؟👇