Spread the love

ئەحمەدی خانی بەناوبانگترین هەڵبەستوانی نەتەوایەتی کۆنی کوردە.

ئەحمەدی خانی بەناوبانگترین هەڵبەستوانی نەتەوایەتی کۆنی کوردە، لووتکەی هۆنراوەی کرمانجی سەروو و دوا هەڵبەستوانی گەورەیەتی، ناوبانگی ئەحمەدی خانی لەگەڵ “مەم و زیندا” سنووری دووری وڵاتی بڕیوە و بە جیهاندا بڵاو بۆتەوە.

ژیانی خانی:

خانی بۆ خۆی مێژووی لە دایکبوونی خۆی بۆ تۆمار کردووین، کە دەڵێت:

لەو ڕاکو دەما ژغەیب فەک بوو
تەئریخ هەزار و شەست و یەک بوو.

واتە لە کاتێکدا کە من لە نەبوون پەیدا بووم، ساڵی هەزارو شەست و یەک بوو، واتە لە ساڵی (١٠٦١) ی کۆچی هاتۆتە دونیاوە، کە دەکاتە (١٦٥٠ز) بەڵام لە کوێ؟ هەندێک هەر لەبەر ئەوەی لە “بایەزید” کۆچی دوایکردووە لەوێ نێژراوە دەیکەن بە خەڵکی بایەزید. بەڵام ئەگەر بە وردی مەم و زین بخوێنینەوە لەوە تێدەگەین، کە خانی زۆر بە توندی بەستراوە بە جزیرەوە، هەرچەندە ڕوودانی چیرۆکی “مەم و زین” لە ناوچەی جزیرەدا هۆیەکی گەورەی ئەمەیە، بەڵام ئەوەش دیارە، کە خانی لە جزیرەدا زۆر ژیاوە، هەر وەک لە مەم و زینەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە خانی زانایەکی گەروە بوو و شارەزای فەلسەفە و گەلێک زانستی ئەو سەردەمە بووە.
هەر ئەمە ڕاستی ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە لە زۆر کتێبدا کە دەربارەی ژیانی خانی نووسراوە، لە زۆر شوێن خوێندوویەتی و بووە بە مەلایەکی گەورە و لە “جزیرە و بایەزید” وانەی گوتۆتەوە و گەلێک مەلاو زانای تری پێگەیاندووە خانی لە ساڵی (١٧٠٦ز) کۆچی دواییکردووە.

بەرهەمەکانی:

لەو بەرهەمانەی خانی، کە تا ئێستا ماون و لەبەر دەستدان دەوتوانین چوارجۆر دەست نیشانبکەین:

١- غەزەل و قەسیدە
٢- عەقیدا ئیمان
٣- نەوبارا بچووکان
٤- مەم و زین

١- غەزەل و قەسیدە:

خانی هەر بە “مەم و زین” ناوبانگی دەرکردووە، بەڵام لەم دواییەدا هەندێک هۆنراوەی دۆزرایەوە، کە ئەوانیش بەشێکی تر لە هونەرمەندی خانی پیشاندەدەن و لە ڕووی بیرو فەلسەفەی خانییەوە تەواوکەری مەم و زینن. بۆ نموونە لە هۆنراوەیەک دا دەڵێت:

میری مەجلیس نەکەت موتریب گۆیا چ بکەت
غونچەی خەندان نەبتن بولبولی شەیدا چ بکەت
بنکا حوسنی بتان لازمە ساحێب نەزەرەک
کەسی بینا کو نەبت دولبەری زێبا چ بکەت
تالیبی عیلم و کەمال نەبتن قابیلی فەیز
حیکمەت و تەربیەتا عالیمی دانا چ بکەت
تەبعی خانی سەدەفا گەوهەرە عیرفانە وەلێ
مەتن خوانەک نەبتن ساحێبی مەعنا چ بکەت.

٢- عەقیدا ئیمان:

کتێبێکی بچووکی عەقایدی ئیسلامە، یا چەند وانەیەکی زانستی (کەلام)ە، خانی بە هۆنراوە پێشەکەشی فەقێی کوردی کردووە، لێرەدا خانی وەک مامۆستایەک خۆی دەنوێنێت و نەچۆتە کۆڕی گفتوگۆ و لێکدانەوەی مەزهەبەکانی ئیسلامەوە، لێرەدا خانی وەک (مەم و زین)ی نەکردووە. بەڵکوو کتێبێکی خوێندنی پێشکەش بە فەقێیەکانی کردووە.

٣- نۆبارا بچووکان:

لێرەشدا خانی هاتووە بە هۆنراوەی کوردی فەرهەنگێکی (عەرەبی – کوردی) پێشکەش بە منداڵانی کورد کردوووە، بۆ ئەوەی فێری عەرەبی ببن. خانی لێرەشدا وەک کوڕی گەل خۆی دەنوێنێت، ئەم نۆبەرەیەی ێیشکەش بە میرو خاوەن دەسەڵات ناکات. بەڵکوو بۆ منداڵانی کوردی نووسیوە وەک خۆی دەڵێت:

نە ژبۆ ساحیب ڕەواجان
بەلکی ژبۆ بچووکێد کرمانجان.

٤- مەم وزین:

دەمێک بوو ئەنجامی پڕ لە ئازار و مەرگی ناکامانەی مەم و زین بووبە چیرۆک و پشتاوپشت دەگوترایەوە. دەمێک بوو ئەو ئەنجام و ئەو سۆز و فیداکارییە، سروودی دڵداران بوو. بەڵام خانی هات سەر لە نوێ زیندنوویان بکاتەوە و نەمرییان پێببەخشێت و بە ناو ئەوانەوە کۆمەڵێک بیرو ڕاو فەلسەفەی خۆشی دەرببڕێت وەک دەڵێت:

شەرحا غەمێ دل بکەم فەسانە
زین و مەمێ بکەم بەهانە.

واتە:( بە بیانووی مەم و زین شەرحی غەمی دڵی خۆم بکەم) خانی پشت بەو داستانەی (مەم و زین) یا (مەمی ئالان)ەو لە ناو خەڵکی بۆتاندا بەستووە و هاتووە شتێکی تازەی لە بەرگێکی نوێدا نووسیوەتەوە، وەک دەڵێت:

سافی شمڕاند ڤەخوارد دووردی
مانەندی دەری لیسانی کوردی
ئینانە نیزام و ئینتیزامی
کێشایە جەفا ژبۆ وی عامی.

واتە:( بەسەر شەرابی پوختەدا ڕابوردم و (دوردم)خواردمەوە، کە تڵپەی شەرابە، وەک ئەوەی کە بەسەر زمانی (دەریدا ڕابوردم ڕێک و پێکییەک و جەفام لە ڕێگەی ئەو خەڵکە سادەیە کێشا).
بەڵام وە نەبێت مەم وزینی خانی وەک (مەم و زین)ەکەی فۆلکلۆری ناو خەڵک تەنها چیرۆکی دڵداریی مەم و زین بێت، بەڵکوو خانی هەڵبەستوانانە چەند شتێکی تازەی داڕشتووە.

هەندێک ژ فەسانەیێد بوهتان
هەندەک د بەهانە هەن د بوهتان.

واتە هەندێک لەو شتانەی لەناو بۆتاندا باوە، کە ئەمەش ئەم چیرۆکەیە کە خەڵک دەماودەم دەیگێڕنەوە، هەندێک (بەهانە)واتە بیروڕای خانییە و بە ناوی (مەم و زین)ەوە دەر بڕیوە لەمەودوا باسی دەکەین، هەندێک (بوهتان) یان بوختان یان بڵێن (درۆیە)مەبەست ئەو ڕووداو و کەسانەیە، کە بەدەم کەسانی چیرۆکەوە دەیگێڕێتەوە. خانی کۆمەڵێ بیروڕای خۆی بە بیانووی مەم وزینەوە دەربڕیوە کە ئەمانەن:

١- هەر لەسەرەتاوە، بە ناوی ستایشی خواو پێغەمبەرەوە چۆتە ناو گفتوگۆی فەلسەفەوە، گەلێک لە بیروڕای فەلسەفەی یۆنانی و فەلسەفەی ئیسلام دەردەبڕیت و شەن و کەویان دەکات و خۆشی وەک فەیلەسووفێک و سۆفیەکی گەورە دەنوینێت.
٢- خانی یەکەم کوردە، کە بیری کوردایەتی لە قاڵبێکی دیاریکراودا دەربڕیوە و هانی کوردی داوە، کە یەکبگرن و بەرامبەر بە هێرشی داگیرکەرانی ئەو سەردەمە بوەستن.
٣- خانی لە مەم و زیندا گەلێ بیری کۆمەڵایەتیشی دەربڕیوە و لە هەموو ئەمانەدا لەگەڵ هێڵی بەرەو پێشچوونی مێژوودا بووە.
٤- خانی دڵدارییە بە سۆزەکەی مەم و زینی بە ڕێبازێکی سۆفیگەری بردووە و ( مەم و زین)ی کردووە بە دوو خوا پەرەستیەکی وا کە گەیشتیتە پلەی فەنا بوون.
بەم جۆرە توانیویەتی ئەو مەم و زینەی بکات بە گەورەترین بەرهەمی ئەدەبی کوردی سەردەمی خۆی و تا ئێستا لە ڕێڕەوەی ئەدەبی کوردی ڕۆژهەڵاتدا جێگەیەکی بەرزی بۆ تەرخان کراوە.

ڕوخساری مەم و زین:

١- (مەم و زین)ی بە بەشە دیالێکتی بۆتانی کرمانجی سەروو نووسیوە بەڵام هەوڵیداوە کە وشەی زۆر لە بەشە دیالێکت و دیالێکتەکانی تری تێدا ببێت.
٢- خانی لەسەر پەیڕەوی زمانی ئەدەبیی ئەو سەردم ڕۆیشتووە کە گەلێک وشەی فارسی و عەرەبی و تورکی تێیدایە.
٣- لە ڕووی کێشی هۆنراوەەوە خانی کێشی عەروزی عەرەبی بەکارهێناوە.
٤- خانی لە یەکێتی سەروا لایداوە و هاتۆتە سەر جووت سەروا، لە پێش ئەو لە داستانە فارسییەکاندا بەکارهاتووە. ئەمەش لە کوردیدا شتێکی تازەبووە. با ڕێکتر بڵێین لە کرمانجی سەروودا هەر نەبووە.
دەنگی خانی تا ئێستاش هەر بەرز و دلێرە. دەنگی سۆزی خۆشەویستییە، باوەڕی نیشتیمانپەروەرییە، وردی فەلسەفە و لە جیهان گەیشتنە، دەنگی کاروانی سەرەکوتوو و بەرەو پێشچوونی پیشکەوتنی مرۆڤە، خانی چ لە پتەوی و بەرزی بەرهەمی خۆیدا، چ لە بیری نیشتمان پەروەریدا ئاوێنەی ڕۆژانی گەشەسەندن و هەڵمەتبردنی میرنشینی بۆتانە، ئەگەر تەماشای سەرچاوەکانی مێژووی کورد بکەین، دەبینین لەو سەردەمەی ئەودا خاکی بۆتان وا پەرەی سەندبوو، کە خەریک بوو بەرهەمی پیشەسازی پەرەی بستێنێی و هێزی بگرێتە دەست. هەر لەبەر ئەمەشە، کە بیری ڕزگاربوونی نەتەوەیی بەو جۆرە لە هۆنراوەی خانیدا دیارە. بەڵام داگیرکەری عوسمانی هات و وڵاتی خاپوور کرد.
گەشەسەندن و پیشەسازی و پێشکەوتنی هۆنراوە و هونەریش لە جێی خۆی وەستاو بەڵکوو گەڕایەوە دواوە، بە جۆرێک کە لە ناو بچێت و ڕوو لە کزی و نەمان بکات لەو بناغەیەی مەلای جزیری و خانی دایان مەزراند لە دوو سەدەی دواییدا هیچی نەهاتە سەر. بەڵام چونکە بناغەکە پتەوبوو، لەبەر ئەوە بۆ سەرەتایەکی ترو سەرهەڵذانەوەیەکی تر دەستی دەدا، کە ئەویش لە سەدەی بیستەم و قۆناغی ئەو ئەدەبە بوو.

نموونەیەک لە مەم و زین:

گەردێ هەبویا مەژی خودانەک
عالی کەرەمەک لەتفیە دانەک

عیلم هونەر و کەمال و ئیزعان
شیعر و غەزەل و کتێب و دیوان

ئەڤ جنسە ببا ل بال وی مەعموول
ئەڤ نەقدە ببا ل نک وی مەقبوول

من دی عەلەما کەلامێ مەوزوون
عالی بکرا ل بانی گەردوون

بینا ڤە ڕوحا مەلێ جزیری
پێ حەی بکرا عەلی حەریری

کەیفەک وەبدا فەقیهێ تەیران
حەتا ب ئەبەد بمایە حەیران

چ بکەم کو قەوی کەسادە بازاڕ
نینە ژ قوماشیڕا خڕیدار.

چ کاردانەوەیەکت هەیە، بەرانبەر، ئەم پۆستە؟👇

Loading spinner

By F.T.G

Leave a Reply