Spread the love

ڕەفتاری شا ئیسماعیلی سەفەوی بەرامبەر بە کورد.

شا ئیسماعیلی سەفەوی لە سەرەتادا بە نەرمی لە گەڵ میر و سەرۆکە کوردەکان ڕەفتاری دەکرد و هەریەکەیانی لە شوێنی خۆی دەهێشتەوە، بێ ئەوەی دەست بخاتە کارووباری ناوخۆی میرنشینەکان، تەنیا بەوەندە وازی هێنا کە بە سەر زارەکی گوێڕایەڵی خۆیان بۆی ڕاگەیاند و دیاری سەرانەیان پێشکەش بە شا ئیسماعیل دەکرد. دیارە ئەمەش لە بەر ئەوە بوو کە تا ئەو کاتە دەسەڵاتی بە تەواەتەی لە کوردستان جێگیر نەببوو.

بەڵام ئەم سیاسەتە زۆری نەخایاند، دووای ماوەیەک شا دوژمنایەتیەکەی بەرامبەر بە کوردان ئاشکرا کرد، تەنانەت دژی ئەو میرە کوردانەش وەستایەوە کە بۆ دەرخستنی لایەنگری خۆیان بۆ (شا) چوونە شاری(خۆی) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەچی شا بێ هیچ بیانوویەک میرە کوردەکانی خستە زیندان و پاشان کەوتە لەشکرکێشی بۆ ناوچە کوردنشینەکان، بۆ داگیر کردنیان و راستەوخۆ بەڕێوەبردنیان و دانانی قزڵباشەکان لە شوێنی میرە کوردەکان.

بێگومان ئەم سیاسەتە توند و تیژەی سەفەویەکان بەرامبەر بە کورد دەگەڕێتەوە بۆ متمانە نەکردنی شا ئیسماعیل بە کورد  بوونیان و بە تایبەتی کە زۆرینەی کوردان لە لایەک لە مەزهەب جیابوون و لەلایەکیتر بە نەتەوەیەکی ئازادیخواز و سەرکەش ناسرابوون و تا سەر ملیان بۆ هیچ داگیرکەرێک شۆڕ نەدەکرد.

چ کاردانەوەیەکت هەیە، بەرانبەر، ئەم پۆستە؟👇

Loading spinner

By F.T.G

Leave a Reply