کوردستان لە دوای جەنگی چاڵدێران.
ڕاستەوخۆ لە دوای گەیشتنی هەواڵی شکانی سەفەویەکان لە چاڵدێراندا، ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری لە کوردستاندا بەرپابوو. چونکە کوردەکان کە داخ لە دڵبوون بەرامبەر سیاسەت و ڕەفتاری شا ئیسماعیل و سەفەویەکان ئەم ڕووداوەیان بە هەل زانی، بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر پاشماوەی هێزەکانیان و لە شار و قەڵاکانی کوردستانەوە دەریان بنێن. ئەمە لە کاتێکدا لەشکری عوسمانی هێشتا پێی نەنابووە ئەم ناوچانە، بەڵکوو میر و سەرانی کورد کە دەسەڵاتەکانیان لە لایەن دەوڵەتی سەفەوییەوە لە زەوت کرابوو، هەریەکەیان لە ناوچەکانی خۆیان ڕێبەرایەتی هێزە ڕاپەڕیوەکانی کوردیان دەکرد، لە پێناو بەدەست هێنانەوەی ئەو دەڤەرانە کە باو و باپیرانیان تێیایاندا دەسەڵاتداربوون.
لەو کاتەیدا خەڵکی (دیاربەکر) توانیان سەردارە سەفەویەکە لە شارەکەیان وەدەرنێن، میری (بەدلیس)یش میرنشینەکەی خۆی گرتەوە، هەروەها (سەعەرد) و( ساسۆن) و (پاڵۆ) و (ئەگیل) و (بۆتان) و هەندێ شارو ناوچەی تریش ڕزگارکران. میری سۆرانیش(کەرکووک) و( هەوڵێر)ی لە پاشماوەی هێزەکانی سەفەوی پاک کردەوە.
چ کاردانەوەیەکت هەیە، بەرانبەر، ئەم پۆستە؟👇