پێداوسیتیەکانی مرۆڤ تازە دەبنەوە وەک پێداوسیتی مرۆڤ بۆ خواردن. سەرەڕای ئەوەی مرۆڤ پاش ماوەیەک لە تێربوونی برسی دەبێتەوە دەبێت جارێکی تر پێداویستیەکە پڕ بکاتەوە.
ناوەڕۆکی گرفتی ئابووری بەستراوە بە دەگمەنی دەرامەتە ئابووریە پێوسیتەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستە بێ سنوورەکانی کۆمەڵگە لەبەر ئەوە بەستراوەتەوە بە دوو هۆکاری سەرکییەوە:
١- پێداویستیەکانی مرۆڤ:
پێداویستی بریتییە لە بوونی ئارەزوو لە لایەن مرۆڤەوە بۆ بە دەستهێنانی شمەک و خزمەتگوزاری، بۆیە دەشێت بە ئاڵۆز ناوزەند بکرێت، وە ئەم تایبەتمەندیانەی هەیە:-
ئەلف: پێداوسیتیەکانی مرۆڤ زۆر و جۆراوجۆر و ئاڵۆزن.
بە: پێداوسیتیەکانی مرۆڤ تازە دەبنەوە وەک پێداوسیتی مرۆڤ بۆ خواردن. سەرەڕای ئەوەی مرۆڤ پاش ماوەیەک لە تێربوونی برسی دەبێتەوە دەبێت جارێکی تر پێداویستیەکە پڕ بکاتەوە.
جیم: پێداویستیەکانی مرۆڤ تێک ئاڵاون و تەواوکەری یەکترن.
٢- دەگمەنی دەرامەتەکان:
لێرەدا پێوسیتە جیاوازی بکرێت لە نێوان دوو جۆر دەرامەت دا:
ئەلف: دەرامەتە نا ئابووریەکان:
ئەمەش بریتییە لەو دەرامەتانەی کە سنووردار نین، واتە بوونیان لە سرووشتدا زۆرە کە لە پێداوسیتی مرۆڤ زیاترە، بە مانای ئەوەی کە دەگمەن نین شمەکی گشتین وەکوو(هەوا.لم، دەریا و زەریاکان….هتد).
بە: دەرامەتە ئابووریەکان؛
ئەمانە بریتین لەو دەرامەتانەی کە ئامرازی سەرەکی پڕکردنەوەی پیداویستیەکانی مرۆڤن. ئەم دەرامەتانە بە شێوەیەکی ئاسایی کراون بە چوار جۆرەوە، پێیان دەگوترێت بنەماکانی بەرهەمهێنان کە ئەمانەن؛
١- کار(هێزی کار):
کار بریتیە لە چالاکی هۆشیارانە و ئامانجداری مرۆڤ کە مرۆڤ ئەنجامی دەدات لە پێناوی بەرهەمهێنانی شمەک و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری، دەشێت ئەو چالاکیە بیری بێت یان چالاکی هێزی بازوو و بێت کە بە هۆیەوە مرۆڤ کار لە سرووشت دەکات و دەی گۆڕێت و دەیگونجێنێت بەو جۆرەی پێداوسیتییەکانی تێربکات.
کار مەرجێکی پێوسیتە بۆ ژیانی مرۆڤ لەبەر ئەوەی وڵامی پێداوسیتییە مادی و مەعنەوییەکانی مرۆڤ دەداتەوە دەبێتە هۆی داڕشتنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵدا”.
دانیشتوان سەرچاوەی بنەمای کارن بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە نێوان(٢٠-٦٠) ساڵان دایە، ئەم دەستەی تەمەنە لە ڕووی ئابووریەوە کەسانی چالاکن بۆ بەرهەمهێنان و زیاتر بەشداری دەکەن لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا، خاوەنەکانی هێزی کار پاداشتەکانیان لە پاش بەشداریکردن لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان دا لە شێوەی (مووچە و کرێ)دا وەردەگرن.
٢- زەوی (دەرامەتە سرووشتیەکان)؛
مەبەست لە زەوی وەک یەکێک لە بنەماکانی بەرهەمهێنان هەموو ئەو دەرامەتانە دەگرێتەوە کە لە سەر زەوی و لە ناو زەویدا هەیە.
دەکرێت زەوی لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان بخرێتە کار بەم جۆرە؛-
ئەلف: بەکار خستنی زەوی بە مەبەستی کشتوکاڵ.
بە: بەکارخستنی زەوی بە مەبەستی کەڵک وەرگرتن لە کەرەستەی خاو و کانزاکان و نەوتی خاو….هتد.
جیم: بەکارخستنی زەوی بە مەبەستی کەڵک وەرگرتن لە هێزە سرووشتیەکان وەک دەریاکان، تاڤگەکان، ڕووبارەکان و….هتد.
ئەو داهاتانەی کە لە بنەمای زەوی بە دەست خاوەنەکانیان دەگات لە کاتی بەکارخستنی دا(موڵکانە)یە.
٣- سەرمایە:
یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی بەرهەمهێنان، و بریتیە لەو پێداویستی و ئامرازانەی کە بەرهەم هاتووە بە ئامانجی بەکارخستنیان لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا، بەو جۆرە سەرجەم ئامێر و کەرەستە و هۆکارەکانی گواستنەوە و پرد و ڕێگاوبان و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و هەموو ئەو شتانەش دەگرێتەوە کە مرۆڤ پەرەی پێداوە بە بیرو هێزی بازوو و تا بووە بە ئامراز و بەکار دەخرێت لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا، داهاتی سەرمایە پێی دەگوترێت” سوو”.
٤- ڕێکخەر(ڕێکخستن):
ئەمەش بریتییە لە بەڕێوەبردنی دەرامەتەکانی پێشوو واتە (هەڵسوڕاندنیان) لە ڕێگەی پڕۆسەی بەیەکەوە گرێدان بە ڕێژەی دیاری کارو بۆ بەرهەمهێنانی شمەک و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری دیاریکراو، گرنگترین ئەرک و فەرمانی ڕێکخەرو لێکۆڵینەوەی شوێنی پڕۆژەیە و گەڕانە بە شوێن سەرچاوکانی کەرستەی خاودا، هەروەها لێکۆڵینەوەی شوێنی پڕۆژەیە و گەڕانە بە شوێن سەرچاوەکانی کەرستەی خاودا، هەروەها لێکۆڵینەوەیە لە بازاڕاد و چەندین ئەرکی تر، داهاتی ئەم بنەمایە کە ڕێکخەرەکان بە دەستی دینن پێی دەگوتری( قازانج).
چ کاردانەوەیەکت هەیە، بەرانبەر، ئەم پۆستە؟👇