Spread the love

لە پاش کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی بە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی شێخ مەحموودی نەمر شاری (سلێمانی) بوو بە مەڵبەندی ڕۆشنبیری کوردی، پاشان بەهۆی دامەزاندنی حکوومەتی کوردستان بە سەرۆکایەتی شێخ مەحموود لە ساڵی ١٩٢٢ کۆمەڵێک ڕۆژنامە بە زمانی کوردی دەرچوون کە بێگومان زیاتر ڕێگایان خۆشکرد بۆ گەشەسەندنی ئەدەبییاتی کوردی بەگشتی و چیرۆکی هونەری کوردی بەتایبەتی، ئەوە بوو ڕۆژنامەی (بانگی کوردستان) لە شاری سلێمانی (١٤) ژمارەی لێ دەرچوو کە یەکەمین ژمارەی لە (٢)ی ئابی ١٩٢٢ز دەرچوو هەروەها ڕۆژنامەی (ڕۆژی کوردستان) لە نێوان ساڵانی (١٩٢٢-١٩٢٣)، (١٥) ژمارەی لێ دەرچووە کە یەکەمین ژمارەی لە (١٥)ی تشرینی دووەمی (١٩٢٢) دەرچوو، سەرنووسەری ئەم ڕۆژنامەیە هەڵبەستوان و نووسەر(عەلی کەمال باپیر) بوو.

پێش ئەم دوو ڕۆژنامەیەش ئینگلیزەکان لە شاری سلێمانی ڕۆژنامەی (پێشکەوتن)یان دەرکرد کە هەفتانە دەردەچوو، یەکەم ژمارەی لە ڕۆژی (٢٩)ی نیسانی ساڵی ١٩٢٠ بڵاو کراوەتەوە پاشان لە لایەن پیرەمێردی نەمر ڕۆژنامەکانی (ژین) و (ژیان) و (ژیانەوە) بە بەردەوامی دەرچووە تا ساڵانی پەنجا کە ئەم کەڵە هەڵبەستوانە و ڕۆژنامەکانی دەورێکی دیاریان بینیوە لە بووژاندنەوەی کەلەپووری نەتەوایەتی کورد و پێشخستنی چیرۆکی کوردی، یەکەمین چیرۆکی کوردیش بەشێوەی کرمانجی خواروو نووساربێت بەناوی (لە خەوما)یە کە لە لایەن (جەمیل سائیب)ەوە بە زنجیرە لە ڕۆژنامەی (ژیانەوە) بڵاو کراوەتەوە ئەم چیرۆکە باسی سەردەمی شێخ مەحموودی نەمر دەکات بەڵام لە بەر چەند هۆیەکی تایبەتی و کەسی بە خەوێکی ناخۆشی دادەنێت، کە ئەمەش لەگەڵ خواستی زۆربەی کورد ناگونجێت، چونکە بێگومان سەردەمی شێخ مەحموود لای هەموو کوردێکی دڵسۆز نیشتیمان پەروەر بەخەوێکی خۆش دادەنرێت، چیرۆکەکە لە ڕووی زمان و هونەرییەوە سەرکەوتووە بەڵام لە ڕووی بیر و ناوەڕۆکەوە بەسەر کەوتوو دانانرێت ئەمەش نموونەیەک لە نووسینێکی ناو ڕۆژنامەی (بانگی کوردستان)ە کە بریتییە لە فەرمانێکی شێخ مەحموودی نەمر کە لە ژمارە (١٠)ی ساڵی یەکەمی دا واتا لە ڕۆژی یەک شەممەی (٢٣) ی سەفەری ١٣٤١ی کۆچی و١٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٢٢ بڵاو کراوەتەوە.

((سوڕەت ئیدارە، عەلیەهی، حەزرەت حکومدار لە مەملەکەتی سلێمانیدا نووسراوە، لە مەحموود ئیبن سەعید بۆ کافەی میللەتی کورد)) لە پاش تەڵەبی سەعادەت و مەغفەرەت لە بارەگای ئەحەدییەت بۆ ئەم میللەتە مەزڵومەی خۆمان ئیعلان دەکەم، کە لەبەر بەعزێ ئەسباب و عەوارزی سیاسیەوە موددەتێکە لە خزمەتی ئەم میللەتە سادقەی کوردە دوورو مەهجوور مابوون، ئیمڕۆ لە سایەی خودا و ڕوحانیەتی (مصطفی) (صلعم).هیمەتی ئەجداد و لە سایەی نیاز و (تفرغ) و قووەتی ئەم میللەتە سادقەوە گەیشتمە ئەم ڕۆژە موقەدەسە کە موەفەقەن هاتوومەتەوە، لە ئیمڕۆوە دەستم کردەوە بە تەدویری پەروانەی حکوومەت و مەحافەزەی مەوجوودییەت و ئیستیقلالیەتی کوردستان، ئۆمێد و ئارەزوو ئەکەم. هەمووتان بەیەک غایە و مەسلەک و بێ فاسلە سەعی بۆ دەوامی ئەم ڕۆژە و کۆشش بۆ تەعالی ئەم میللەتە ئەکەن، کورد وەکوو یەک عائیلە مووتەفەقین و مووتەحیدن لەگەڵ من دا بۆ تەحکیم و دەوامی ئەم حەقە سەریحەیە کە دەستمان کەوتووە، لازم و فرسەتە سەعی و غیرەت بکەین، ئەی میللەتم ئەمین بن کە زامنی سەعادەت و مووەفەقیەتی ئەقوام ئیتحاد و ئیتیفاقە، وە میللەتێ کە خوێنی ڕژتبێ بۆ حەقی خۆی قەتعیەن مەحروم و ئەسیر نابێ وە قەراری عالەمی مەدەنییەتیش ئەمەیە کە هەرقەومێ و هەر عونسورێ خۆی بەخۆی ئەبێ ئیدارە بکات، ئەوەڵەن ئێمە کە میللەتی کوردین، سانیەن بۆ ئەم غایەیە قوربانیەکی زۆرماندا بە ئەو شەرتە کە یەک دڵ و یەک زبان و یەک وجوودین، بە ئیزنی خودا هیچ کەس زەفەرمان پێ نابات وەمنیش تا ئاخر قەترە خوێن و ماڵی خۆم و ئەولاد و ئەتباعم بۆ سەعادەتی ئێوە سەرف کردووە وەتیکرار ئەکەم هیممەت لە ئێوە و مووفەقیەت لە خودا.

چ کاردانەوەیەکت هەیە، بەرانبەر، ئەم پۆستە؟👇

Loading spinner

By F.T.G

Leave a Reply