فەڕەنسا هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی تەواوی مەغریبی داو لەبەر ئەمە سوڵتان عەبدولڕەحمان کوڕی هیشام سوڵتانی مەراکیش هەستی بە مەترسی فەڕەنسییەکان دەکرد، بۆیە بڕیاری پێدانی پشتگیری کردنی خەبات گێڕی جەزائیر (عەبدولقادر) جەزائیری بە ماڵ و چەکدا.
فەڕەنسییەکان ناڕەزایی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بەو یارمەتیدانە و لە ئەنجامدا شەڕی (دۆڵی ئەسڵی) لە ١٤ی ئابی ساڵی ١٨٤٤ی.ز دا ڕوویدا لە نێوان مەراکیش و فەڕەنسادا و دووای ئەم شەڕەش ئاشتینامەی (تەنجە)ی لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٨٤٤ی.ز لێکەوتەوە.
فەڕەنسا لەساڵی ١٨٧٧ی.ز دا دەستەیەکی سەربازی فەڕەنسی بەسەر سوڵتانی مەراکیشدا (الحسن بن محمد-حەسەن کوڕی محەممەد) سەپاند بە بیانووی مەشقکردنی سوپای مەراکشی.
بەڵام سوڵتان (ئەلحەسەن کوڕی محەممەد) هەوڵی نزیک بوونەوەیدا لە بەریتانیا، چونکە پێی وابوو ئەم نزیک بوونەوەیە دەبێتە کۆسپێک لەبەردەم تەماحکاری فەڕەنسا لە مەراکیشدا بەتایبەتی بەریتانیا لە سەرەتاوە بەرهەڵستی درێژەدانی دەست بەسەرداگرتنی فەڕەنسی بەسەر مەراکیشدا کرد، هەروەها لە ڕووی بەرژەوەندییەکانی ئیسپانیادا وەستا لە ترسی ئەوەی نەکوو ئیسپانیا دەست بەسەر گەرووی (جەبەل تاریق)دا بگرێت.
سوڵاتن (مولای عەبدولعەزیز کوڕی حەسەن) ساڵی ١٩٠٠ی.ز دەسەڵاتی گرتە دەست لە مەراکیشدا کە هێشتا منداڵ و کەم ئەزموون بوو هەوڵی تازەکردنەوەی مەراکیشی دا، بەڵام کەم شارەزاییەکەی بووە هۆی هێنانە ناوەوەی دەسەڵاتی ڕۆژئاواییەکان، سوڵتانیان بەهۆیەکانی ڕابواردن و ڕووکەشە بریقەدارەکانی شارستانی ڕۆژئاواوە هەڵخەڵەتاند، حکوومەتی فەڕەنسا خاوەن بانقە فەڕەنسییەکانی هان دەدا کە قەرز بدەن بە مەغریب، لەساڵی ١٩٠٤ی.ز ڕادەی قەرزەکانی فەڕەنسا بۆ مەراکیش گەیشتبووە نزیکەی (٧٠) ملیۆن فرەنکی فەڕەنسی.
فەڕەنسا خۆی ئامادە کرد بۆ داگیرکردنی مەراکیش بۆ ئەم مەبەستە کێشەی خۆی یەکلاییکردەوە لەگەڵ هەریەکە لە بەریتانیا و ئیسپانیا بەم شێوەیە:
دانی نا بەداگیرکردنی میسر لە لایەن بەریتانیەوە، دانی نا بە داگیرکردنی ناوچەی ریفی مەراکیش لەلایەن ئیسپانیاوە.
پاشان قەرزی تازەی خستە پێش سوڵتان (عەبدولحەفیز کوڕی حەسەن) کە ساڵی ١٩٠٨ی.ز فەرمانڕەوایی گرتبووە دەست، بەڵام ئەمجارەیان بەمەرجی قورس وەک دەرامەتەکانی گومرگ کە لە هەموو بەندەرەکانی مەغریب کۆ دەکرایەوە و باجی (چا) و لە (٥٠٪)ی باجەکانی خانووبەرەی ناو شارەکان بخرێتە ژێر دەستیەوە بۆ دانەوەی قەرزەکان، پاشان لە ئازاری ساڵی ١٩١٢ی.زدا پەیمانی پاراستنی سەپاند بەسەر مەراکیشدا دووای یەکلایی کردنەوەی کێشەی (ئەغادیر) لەگەڵ ئەڵمانیادا کە ئەڵمانیا ڕێی لە هاتنی کەشتیە جەنگییە فەڕەنسییەکان گرت بۆ ناو ئەم بەندەرەی مەراکیش بە تایبەتی دووای ئەوەی کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەڵمانیا لە مەراکیشدا دەرکەوتبوو پاش سەردانەکەی ولیمەی دووەم ئیمپراتۆری ئەڵمانیا بۆ مەراکیش لەساڵی ١٩٠٥ی.ز دا، بەڵام فەڕەنسا بۆ ڕەزامەندی ئەڵمانیا وازی لە ناوچە کەنارەکان هێنا لە (کۆنگۆ) کە بووە هۆی ئەوەی فەڕەنسا بتوانێت دەست بەسەر مەراکیشدا بگرێت.
دووای ئەوەی فەڕەنسا ساڵی ١٩١٢ی.ز بەرپرسیاری پاراستنی بەسەر مەغریبدا سەپاند زۆر شۆرش و ڕاپەڕین هەڵگیرسا، کە بەناوبانگترینیان شۆرشی (فاس) بوو، کە ناوچە جیاوازەکانی مەغریبی گرتەوە و هەزران جەنگاوەر لە ناوچەی شاخەکانی (ئەتڵەس) چوونە ڕیزەکانیەوە، بەڵام فەڕەنسییەکان بەسەرکردایەتی (بیرلیۆنی) توانیان شۆڕشگێڕان پەرتەوازە بکەن و شۆڕشەکە دابمرکێننەوە.
دووای جەنگی یەکەمی جیانهیش (محەممەد عەبدولکەریم خەتابی) سەرکردایەتی جووڵانەوەی بەربەرەکانێی چەکداری گرتە دەست و توانی لە مایسی ساڵی ١٩٢١ی.ز لە شەڕی (ئەنوال)دا بەسەر ئیسپانیەکاندا سەربکەوێت و کۆماری (ریف)ی لەو ناوچانەدا دامەزراند، کە دەستی بەسەر داگرتبوون.
لە ئەنجامی سەرکەوتنەکانی (خەتابی) بەسەر ئیسپانیەکاندا، فەڕەنسییەکان ئارامیان لێ هەڵگیرا، چونکە ترسان لەوەی بەرژەوەندییەکانیان نەک تەنها لە خۆرئاوای عەرەبی، بەڵکوو لە هەموو ئەفریقیادا بکەوێتە بەر هەڕەشە و مەترسییەوە، بۆیە لەگەڵ ئیسپانییەکان پێکهاتن و لە دوولاوە هێرشان کردە سەر کۆماری (ریف)، خەتابی توانی بۆماوەی یەک ساڵ (مایسی ١٩٢٥-مایسی١٩٢٦ی.ز) بە ڕووی هەردوو دەوڵەتدا بوەستێت، بەڵام دوواتر بەهۆی چەندین هۆکار کۆماری ریف ڕووخا، گرنگترین ئەو هۆکارانەش بریتی بوون لە:
١- ڕووبەڕووبوونەوە و بەرنگاری لەگەڵ دوو دەوڵەتی گەورەی ئەورووپی (فەڕەنسا، ئیسپانیا) کارێکی قورس بوو، وێڕای پشتیوانی سەربازی ئەمریکا بۆ فەڕەنسا وئیسپانیا.
٢- فەڕەنسییەکان بەر لەوەی بچنە دۆخی هێرش بردنەوە، چەک و هێزێکی ئێجگار زۆریان هێنایە مەراکیش.
٣- پادشای مەراکیش دەستی لەگەڵ داگیرکەراندا تێکەڵ کرد و کەوتە هاوکاری کردنیان دژی خەتابی.
٤- هەوڵدان بۆ ئەوەی بە مافی ئۆتۆنۆمی شۆڕشگێران سارد بکەنەوە.
سەرەنجام داگیرکەران توانیان بنکەی خەتابیش لە سێ هێرشی گەورەدا بگرن و خەتابیش لە ساڵی ١٩٢٦ی.ز خۆیدا بەدەستەوە و دوواتر بۆ دوورگەی (ریۆنیۆن) لە زەریای هیندی دوورخرایەوە، تا ساڵی ١٩٤٧ی.ز لەو دوورگەیە مایەوە پاشان گوازرایەوە بۆ فەڕەنسا و دوواتریش لە میسردا کۆچی دووای کرد.
چ کاردانەوەیەکت هەیە، بەرانبەر، ئەم پۆستە؟👇