Spread the love

ئیبن سیرین دەڵێ: پەراسوو لە خەودا، ژنە.

ئەگەر بینی پەراسووی ئاوساوە، واتە ژن و کەنیزەکەکەی هەر دووکیان دووگیان دەبن.

ئەگەر بینی پەراسووی بووەتەوە و پارچە گۆشتی خوێناوی لە پەراسوویەوە کەوتە خوارەوە، واتە ژنەکەی منداڵی ناوەختی دەبێت.

ئەگەر دیتی هەردوو دەستی خستووەتە سەر پەراسووەکانی، واتە خەمێکی قورس ڕووی تێدەکات.

ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر کەسێک دیتی ئێسکی پەراسووی شکاوە، واتە لە لایەن دایک و باوک یان خزمەکانیەوە، خەم و مەینەتی ڕووی تێدەکات.

ئەگەر بینی پێستی پەراسووی لای چەپی هەڵکەندرا و کەوتە خوارەوە، واتە سەروەت و سامان و کەسوکارەکەی هەردووکیانی لەکیس دەچێ.

ئەگەر بینی هەردوو لا پەراسووەکەی زەرد هەڵگەڕاوە، واتە دڵی خزمانی دەڕەنجێت.

ئەگەر بینی پەراسووی کون بووە و شتێکی لێیەوە کەوتە خوارەوە، واتە منداڵێکی زانا و خۆپارێزی دێتە دونیاوە.

ئەگەر بینی هەردوو لاپەراسووی هاتنەوە یەک، واتە خەم و مەینەتی دەگاتێ.

ئەگەر دیتی پەراسووی بەهێز و ئەستوور بووە، نیشانەی ڕاست و دروستی و بەهێزی بیروباوەڕ و ئیمانی خزمەکانیەتی.

ئەگەر بینی پەراسووی بچووک و لاوازە، لێکدانەوەی بەپێچەوانەی ئەوەیە کە باسمان کرد.

جابری مەغریبی دەڵێ: پەراسووەکان لە خەودا نیشانەی ژنە، چونکە ژنان لە پەراسووی پیاوان ئافرێندراون.

کەواتە هەرچی شەڕ و خێرە کە لە پەراسوودا دەیبینێت، ئەوا لێکدانەوەکەی بۆ سەر ژنان دەگەڕێتەوە.

ئەگەر بینی پەراسووی زۆری هەن، بە قەدەر ئەوانە، لە ژنان و کەنیزەکەکان نزیک دەبێتەوە و جوت دەبێ لە گەڵیان.

ئەگەر بینی لە پەراسوویەوە، مارێک هاتە دەرەوە، واتە منداڵێکی دێتە دونیاوە.

ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بینینی پەراسوو لە خەودا، پێنج لێکدانەوەی هەیە.

یەکەم: ژن. دووەم: کچ. سێیەم: کەنیزەک. چوارەم: خزمەتکار. پێنجەم: پیرەژنێک کە لە ناو ماڵدایە.

چ کاردانەوەیەکت هەیە، بەرانبەر، ئەم پۆستە؟👇

Loading spinner

By F.T.G