Spread the love

زانستی ئابووری بە یەکێک لەو زانستانە دادەنرێت کە پەیوەندی و تێکەڵاوبوونی زۆری لەگەڵ زانستەکانی دیکەدا هەیە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کاریگەری زۆری هەیێت لەسەر زۆربەی لایەن و ئاڕاستەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، دەکرێت کورتەی هەندێک لەو پەیوەندییانە ڕوون بکرێتەوە بەم جۆرەی لای خوارەوە:

١- پەیوەندی نێوان زانستی ئابووری و زانستی ڕامیاری:

زانستی ئابووری پەیوەندی توندوتۆڵی بە زانستی ڕامییارییەوە هەیە، چونکە زانستی ڕامیاری گرنگی دەدات بە چاودێری کاروباری کۆمەڵگە، زانستی ئابووریش گرنگی دەدات بە کاروباری کۆمەڵگە لە گۆشەی پێداویستیەکانی و چۆنیەتی و پڕکردنەوەیان، هەروەها کاربەدەستە سیاسیەکان دەبێت بەرچاوڕوونی تەواویان هەبیت دەربارەی بارودۆخی ئابووری لە کاتی بڕیارداندا.

وەکا زانراوە زۆربەی جەنگ و شۆڕش و راپەڕینەکان هۆکاری ئابووری لە پشتەوە بووە، بارودۆخی ئابووری زۆر جار وێنەی بەڕێوەبردنی ڕامیارییەکان دەکیشێت بۆیە دەتوانرێ بگوترێ کە ڕامیاری و ئابووری دوو ڕووی یەک دراون.

٢- پەیوەندی نێوان زانستی ئابووری و مێژوو:

زانستی مێژوو تۆماری پیشکەوتنی مرۆڤە لە سەرجەم ئەو قۆناغانەی کە پیایدا تێپەڕیوە، لەگەڵ ئەو ڕووداو و بارودۆخانەی کە ڕووبەڕووی مرۆڤ بۆتەوە دەربڕینی چۆنیەتی کارکردن لە گەڵیاندا، زانستی ئابووری ناتوانێت مێژووی ئابووری و ئەزموونی گەلان لە بواری ئابووریدا فەرامۆش بکات، زانستی ئابووری هەوڵ دەدات خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەزموونی گەلان بزانێت بە هۆی مێژووەوە، هەروەها چۆنیەتی بەکارهێنانی دەرامەتە ئابووریەکانی سەردەمی کۆنیش بزانێت، تۆمارەکانی مێژووی ئابووری ئەم بارودۆخانە دەگوازێتەوە بۆ نەوەکانی ئاییندە.

٣- پەیوەندی نێوان زانستی ئابووری و ئامار:

پەیوەدنی نێوان ئابووری و ئامار پەیوەندییەکی توند و بەهێزە چونکە شیکردنەوەی ئابووری بە تایبەتی پێوانەکاری بە ڕادەیەکی زۆر پشت دەبەستێ بە زانیارییە ئامارییەکان، هەروەها شێوازی ئامار ئاسانکاری دەداتە توێژەری ئابووری لە بواری کاری خشتە و وێنەکردنی چەماوەکان کە دەربڕی دیاردە ئابووریەکانن.

٤- پەیوەندی نێوان زانستی ئابووری و دەروونناسی:

زانستی ئابووری پەیوەندی هەیە بە دەروونناسیەوە، چونکە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی تاکەکانی کۆمەڵگە بە ڕێگایەکی دیاری کراو کاریگەری هەیە لەسەر پەرەسەندنە ئابووریەکان لەو کۆمەڵگایەدا. توێژەری ئابووری گرنگی دەدات بە زانینی ڕەفتاری تاکەکەس لە کاتی خەرجکردنی داهاتەکەیدا بۆ کڕینی شمەک و خزمەتگوزاری، گومانی تێدا نییە لە پشت ئەو ڕەفتارانەوە هۆکار و پاڵنەری دەروونی هەیە و 

٥- پەیوەندی نێوان زانستی ئابووری و لۆژیک( المنطق) :

بیردۆزە زانستییەکان بەگشتی و بیردۆزە ئابوورییەکان بە تایبەتی ڕاست نین ئەگەر بێت و لۆژیکی (منطقی) نەبن، و کەس ناتوانێت تێیبگات ئەگر بێتو توێژەر نەزانێت چۆن پێشەکی و سەلمێنراوەکان بەکار بهێنێت و بیروڕای نوێیان لەسەر دروست بکات بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامی نوێ، لەبەر ئەوەی ئەگەر گریمانەکان لۆژیکی نەبن دەبێتە هۆی بەدیهێنانی دەرئەنجامی هەڵە و ئاکامی ناڕاست.

٦- پەیوەدنی نێوان زانستی ئابووری و بیرکاری:

ئابوریناس زۆرجار پشت دەبەستێت بە بەکارهێنانی شێوازە بیرکارییەکان لە شیکردنەوە و سەلماندنەکاندا، بە بێ شێوازی بیرکاری ئابوورینناس ناتوانێت بگاتە ئاکامی ڕاست و تەواو.

چ کاردانەوەیەکت هەیە، بەرانبەر، ئەم پۆستە؟👇

Loading spinner

By F.T.G

Leave a Reply