قۆناغەکانی سیاسەتی بە عەرەبکردن و ڕاگواستنی کورد، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی داگیرکەرەوە دەستیپێکردووە، کە بەم شێوەیە دەتوانین چەند قۆناغێکی جیاواز دەستنیشان بکەین، لە مێژووی دەست پێکردنی ئەم سیاسەتە، کە ئەمانەن:
١- قۆناغی لکاندنی ویلایەتی مووسڵ بە عێراقەوە تاکوو ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی، لە نێوان ساڵانی(١٩٢٥- ١٩٥٨ی.ز).
٢- قۆناغی دامەزراندنی سیستەمی کۆماری تاکوو ڕووخانی حکوومەتی عەبدولکەریم قاسم، ساڵانی (١٩٥٨-١٩٦٣ی.ز).
٣- قۆناغی حوکمی حەرەس قەومییەکانی بەعس تاکوو کوودەتای جاری دووەمی بەعسییەکان، ساڵانی(١٩٦٣-١٩٦٨ی.ز).
٤- قۆناغی چەسپاندنی دەسەڵاتی حیزبی بەعس تاکوو هەڵگیرسانی شەڕی خوێناوی، هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (ئێران و عێراق)، لە نێوان ساڵانی (١٩٨۰-۱۹٨٨ی.ز).
٥- قۆناغی پیادەکردنی (ژینۆسایدی-جینۆسایدی) کورد لە لایەن بەعسەوە تاکوو ڕاپەڕینە بەکۆمەڵەکەی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ی.ز، لە نێوان ساڵانی(١٩٨٠-١٩٩١ی.ز).
٦- قۆناغی دوای ڕاپەڕین، لە نێوان ساڵانی (١٩٩١-٢٠٠٣ی.ز) کە بەشێکی خاکی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس مابووەوە.
٧- قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ناوچە دابڕێندراوەکان، لە ساڵی (٢٠٠٣ تاکوو ئێستا)، کە کێشەیەکی زۆری لەسەرە، لە نێوانی کورد و دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدا لە لایەک و دانیشتوانی کورد و گرووپە تیرۆریستییەکان لە لایەکی تر، کە هەڕەشە لە گیان و سامانی هاوڵاتیانی کوردنشینی ناوچەکانی (سەعدیە و جەلەولا و قەرەتەپە و شەنگال و ڕۆژئاوای کەرکووک) دەکەن، بۆ بە زۆر دەرپەڕاندنیان لە شوێنەکانیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
چ کاردانەوەیەکت هەیە، بەرانبەر، ئەم پۆستە؟👇